ئابووریی بازاڕ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-10-22:34:00 - کۆدی بابەت: 10198
ئابووریی بازاڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئابووریی بازاڕ یان بازاڕی ئابووری ئازاد (بە ئینگلیزی: Market Economy، بە عەرەبی: إقتصاد السوق) سیستمێکی ئابوورییە، کە تێیدا بڕیاری ئابووری و دیاریکردنی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کارلێکردنی تاکەکان و هاوڵاتیانی وڵاتێکەوە ڕێبەری دەکرێت. بازاڕێکی ئازادە و دەستێوەردانی حکوومەتی تێدا نییە.

بڕیاردان سەبارەت بە وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و دابەشکردن بەسەر بەکارهێنەراندا بەهۆی ئەو نرخانەوە دیاریدەکرێن کە هێزی خواست و خستنەڕوو دروستی دەکەن، کە هەموو دابینکەران و بەکارهێنەران لە ڕووی دەستێوەردانی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و سنووردارکردنەوە سەربەخۆ و بێبەربەستن.

ڕەنگە هەندێک دەستێوەردانی حکوومەت یاخود پلاندانانی ناوەندی هەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئاڕاستەی بازاڕە و بێ دەستێوەردانە.

دەربارەی ئابووریی بازاڕ

ئابوورییەکانی بازاڕ پشت بە هێزی خواست و خستنەڕوو دەبەستن، خواست ئاماژەیە بە بڕی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی خەڵکی پێویستیانە یان دەیانەوێت، خستنەڕوو ئاماژەیە بە بڕی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی بۆ کڕین بەردەستن، ئەگەر خستنەڕوو کەم بێت و خواست زۆربێت ئەوا نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکە بەرز دەبێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خستنەڕوو زۆر بێت و خواست کەم بێت نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکە دادەبەزێت.

ئاستی خواست و خستنەڕوو بۆ هەر کاڵا و خزمەتگوزارییەک مەیلیان بەرەو هاوسەنگی و یەکسانییە، بەڵام ئەگەر ئەم یەکسانییە بەدەست هێنرا، ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر ڕابگیرێت، بۆیە گرژی نێوان خواست و خستنەڕوو هەڵاوسان لە بازاڕدا دروستدەکات.

ئابووریی بازاڕ تایبەتمەندی تریشی هەیە، چەمکی موڵکی تایبەت ناوەندی ئابووریی بازاڕە، چونکە مافی فرۆشتنی کاڵاکانیان بە خاوەنەکانیان دەبەخشن. هەروەها کێبەرکێ هۆکارێکی گرنگە چونکە کاریگەری لەسەر خواست و خستنەڕوو هەیە.

کاتێک زیاتر لە یەک فرۆشیاری کاڵایەکی دیاریکراو هەبێت، کێبەرکێی نێوانیان بۆ فرۆشتن دەکرێت تێچووی ئەو کاڵایە دابەزێنێت، کڕیار بژاردەی ئەوەی هەیە لە کوێ ئەو کاڵایە بەدەستبهێنێت.

ئابووریی بازاڕ بە سەرمایەدارییەوە بەستراوەتەوە، کە سیستمێکی ئابوورییە کە یەکە تایبەتەکان یان خەڵک خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن.

سەرمایەداری پێویستی بە هێزەکانی خواست و خستنەڕوو لە ئابووریی بازاڕدا هەیە بۆ دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و دانانی نرخەکان.

بە پێچەوانەوە ئابووری حکوومی کە بەستراوەتەوە بە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە، کە بەکۆمەڵ خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن.

زۆربەی وڵاتانی ئەمڕۆ ئابوورییەکی تێکەڵاویان هەیە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە، بە توخمەکانی هەردوو ئابووریی بازاڕ و ئابووری حکوومی.

تێگەیشتن لە ئابووریی بازاڕ

ئابووریی بازاڕ لەو کاتەوەی مرۆڤەکان دەستیان بە بازرگانی کردووە بە شێوەی جۆراوجۆر هەبووە، بازاڕە ئازادەکان وەک پڕۆسەیەکی سروشتی هەماهەنگی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵدا، هیچ کەسێک ئاڵوگۆڕی خۆویستانە و خاوەندارێتی تایبەتی دانەهێناوە، بەڵکوو پێدەچێت وەک دەرئەنجامی سروشتی ڕەفتاری مرۆڤ سەری هەڵدابێت.

بنچینەی بیردۆزی بازاڕی ئازاد لەلایەن ئابووریناسە کلاسیکەکانەوە پەرەیپێدراوە، وەکوو ئادەم سمس، دەیڤد ڕیکاردۆ و ژان باپتیست سەی. لایەنگرانی بازاڕی ئازادی کلاسیکی ئازادبیر پێیان وابوو کە "دەستی نەبینراو"ـی پاڵنەرەکانی قازانج و هاندەرەکانی بازاڕ بە گشتی بڕیارە ئابوورییەکان هاندەدات بۆ ڕێگای بەرهەمدارتر و کاراتر لە پلاندانانەکانی حکوومەت بۆ ئابووری، پێیان وابوو کە دەستێوەردانی حکوومەت زۆرجار مەیلی بۆ ناکارایی ئابووری هەیە، ئەمەش دۆخی خەڵک خراپتر دەکات.

تیۆری بازاڕ

ئابووریی بازاڕ بە بەکارهێنانی هێزی خواست و خستنەڕوو کاردەکات، بۆ دیاریکردنی نرخ و چەندێتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ئابووریدا. خاوەنکارەکان ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان (زەوی، کار و سەرمایە) کۆدەکەنەوە بە هاوکاری کرێکاران و لایەنە داراییەکان تێکەڵیان دەکەن، بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ بەکارهێنەران و ئامادەکردنیان بۆ کڕین.

کڕیاران و فرۆشیاران بە خواستی خۆیان لەسەر مەرجەکانی مامەڵەکان ڕێکدەکەون، بە پشتبەستن بە ئارەزووی بەکارهێنەران بۆ کاڵا جۆراوجۆرەکان و ئەو داهاتەی کە بازرگانان دەیانەوێت لە وەبەرهێنانەکانیان بەدەستی بهێنن.

ئەو خاوەنکارانەی بەسەرکەوتوویی کارەکە دەکەن قازانج دەکەن و دەتوانن وەبەرهێنان بکەنەوە، ئەوانەش کە شکست دەهێنن یان فێردەبن بە تێپەڕبوونی کات باشتربن یانیش وازدەهێنن و لەو کارە دەردەچن.

ئابووریی بازاڕ چۆن سەری هەڵداوە؟

تەنانەت بە بێ پارەش مرۆڤەکان خەریکی ئاڵوگۆڕ کردن بوون لەگەڵ یەکتردا، بەڵگەی ئەمە زیاتر لە مێژووە نووسراوەکاندا ئاماژەی پێدراوە، بازرگانی لە سەرەتادا نافەرمی بوو بەڵام بەشداربووانی ئابووری لە کۆتاییدا بۆیان دەرکەوت کە ناوەندێکی دراویی لە ئاڵوگۆڕکردندا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانکاری ئەم مامەڵە سوودبەخشانە.


سەرچاوەکان



4446 بینین